ڤیدیۆ.. هاوڵاتییەکی تورکیا چەندین جار لەدوای یەک دەنگ بە ئەردۆغان دەدات

دیمەشق – نۆرس پرێس

لە پارچە ڤیدیۆییەکدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تورکیا بڵاوبووەوە و تێیدا دەردەکەوێت کەسێک چەندین جار یەک لەدوای یەک، دەنگ بە سەرۆککۆماری ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدات،  ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی مۆرێکی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکارهاتووە لەسەر دەیان کاغەزی هەڵبژاردن.

جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەکانی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە ئورفا لە تویتێکدا، پارچە ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە کە ئەمە لە گوندی مناری سەر بە شاری حەران سەر بە ویلایەتی ئورفا روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: “پێش بڵاوبوونەوە ئەو ڤیدیۆییە، ئەندامانی لیژنەی چاودێریکردنی سندوقی دەنگدان کەوتنە بەر هێرشی چەند کەسێک و لێیان درا.”

جێگری سەرۆکی رێکخراوەکانی جەهەپە گوتی: “پارێزەرانی باوەڕپێکراو سەردانی ئەو گوندەیان کرد و لە ئەنجومەنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ناڕەزایەتییان نیشانداوە.”

بەرپرسەکەی جەهەپە دەلێت: “نەتواندرا پەیوەندی بە پارێزگاری ئورفا و بەڕێوەبەری پۆلیسەوە بکرێت بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر ئەو رووداوە تۆماربکەن، بە بیانووی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بووە”.

 تاوەکو ئێستاش  ناسنامەی ئەو کەسە روون نەبووەتەوە کە ئەم پڕۆسەیەی ئەنجامداوە، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەندام یان نوێنەری پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارە لە بنکەی دەنگدان.