هەولێر – نۆرس پرێس
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سزای لەسێدارەنی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی “سەعید ئەرجومەندی” خەڵکی خوڕەمئاوا و دانیشتوی سنە و هەروەها “کیومەرس مینبەری” خەڵکی کامێران، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.
ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتنی ئەنقەست” دەستبەسەرکرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەیانیان بەسەردا سەپێنرابوو، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو ئەم دو بەندکراوە بۆ ژوری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە و رێکخراوی هەنگاو دەربارەی جێبەجێکردنی سزاکەیان هۆشداری دابوو.
بنەماڵەی یەکێک لە کوژراوەکان بە مەبەستی لێخۆشبون لە “سەعید ئەرجومەندی” داوای بڕی 6 ملیار تمەنی ئێرانیان کردبوو، بەڵام بنەماڵەی “ئەرجومەندی” تەنیا توانیبویان سێ ملیار دابین بکەن، سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی لەپێش ماڵی بنەماڵەی کوژراوەکە کۆبونەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سەپێندراو بە سەر “ئەرجومەندی”دا جێبەجێ کرا.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تا ئێستا لە میدیا حکومییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیدا بڵاونەکراوەتەوە.