ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە سەرتاسەری تورکیا لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تا 5ی ئێوارە دەنگدان بەردەوام دەبێت.

هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی پێنج ساڵ و 28مین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز دادەنرێت، ئەویش لەبەر بوونی کێبڕکێیەکی بەهێز لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە.

هەڵبژاردن لە 1094 بنکەی دەنگدان و بەدانانی زیاتر لە 191 هەزار سندوق بەڕێوەدەچێت، تیایدا 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 هاووڵاتیی تورکیا کە تەمەنیان لە سەروو 18ساڵەوەیە مافی دەنگدانیان هەیە.

بە گوتەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێوشوینی جیاواز بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ناوچە کارەساتبارەکان، لە 11 پارێزگا گیراونەتەبەر کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە زیانیان بەرکەوتووە، بە جۆرێک لەناو باخچەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە کابینەی تایبەت بە هەڵبژاردنی دانراون، هەروەها 113 هەزار دەنگدەریش لە ناوچە کارەساتبارەکانەوە تۆماریان گواستووەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە، بە گوتەی ئەو ئاژانسە.

بە گوێری رێنماییەکانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژرادنەکان لە تورکیا، لە رۆژی دانگداندا لە تورکیا، لە کاتژمێر 6ی بەیانییەوە تا 12ی شەو فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغەیە، هەروەها شوێنەکانی کاتبەسەربردن دادەخرێن و ریستۆرانتەکان تەنها دەتوانن خواردن بدەن بە کڕیارەکانیان، ئاهەنگی هاوسەرگیریش لە دوای کاتژمێر 6ی ئێوارەوە رێگەی پێدەدرێت، بە مەرجی پابەندبوون بە قەدەغەکراوەکانی هەڵبژاردن و رێسا دیاریکراوەکانەوە.

دەربارەی رووماڵی راگەیاندنەکانەوە، رادیۆ و هەموو جۆرە ئۆرگانەکانی پەخش تا کاتژمێر 6ی ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردن ناتوانن هەواڵ و پێشبینی و تێبینی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاو بکەنەوە، تەنها بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و راگەیەندراوانە رێگەپێدراوە کە لە لایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژرادنەکان لە تورکیا دەدرێت.

سەرەتا دەنگەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆمار هەژمار دەکرێن و دواتر دەنگەکانی پەرلەمان و وابڕیارە هەر ئەمڕۆش ئەنجامی بەرایی دەنگدان ئاشکرابکڕیت.