وەزارەتی تەندروستی عێراق: نەخۆشی تای خوێنبەربون لە عێراق ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 95 حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربون تۆماركراون، لەو رێژەیەش 13 کەسیان بەهۆی نەخۆشیەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەراگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە نەخۆشی تای خوێنبەربون لە پارێزگاکانی عێراقدا ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە.

ناوبراو ئاشکرایکرد، لە پارێزگای زیقار 28 حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربون تۆمارکراون، لە پارێزگای بەسرەش 16 کەس، لە پاریزگاکانی میسان و نەجەفیش هەشت کەس توشی نەخۆشیەکە هاتوون، لە موسەنا شەش و لە رەسافەی بەغدایش پێنج کەس هەڵگری نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوونە، لە پارێزگای سەلاحەدین پێنج کەس و لە ناوچەی کەرخی بەغدادیش چوار کەس توشی هەمان نەخۆشی هاتوون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە گیانلەدەستدان بەنەخۆشیەکە ئاشكرایكرد، شەش کەس لە پارێزگای زیقار گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیەکە دەبن ئاژەڵدارن یاخود فرۆشیاری گۆشتن، یان ئەو کەسانەن کە لەگەڵ بەرهەمەکانی گۆشتی ئاژەڵ مامەڵە دەکەن.

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

نیشانەكانی تای خوێنبەربون بریتین لە دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی.