دەروازەی سێمالکا لە نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە خاوەنی مافی نیشتەجێبوونی ئەوروپی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی،12ی ئایاری 2023، ئیدارەی دەروازەی سنووری سێمالکا لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی سەبارەت بەو کەسانەی کە هەڵگری ناسنامە و ئیقامەی ئەوروپین و ئێستا لە رۆژئاوایی کوردستانن بڵاوکردەوە.
ئیدارەی دەروازەکە لە ئاگادارییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، “خاوەنی مافی نیشتەجێبوونی ئەوروپی کە پێشتر بە مەبەستی سەردانیکردنی کەسوکاریان لەرێگەی دەروازەی فیشخاپور – سێمالکا پەڕینەوە بۆ رۆژئاوا، دەتوانن بەبێ هیچ ماوەیەکی دیاریکراو لە ماوەی رۆژانی شەممە و دووشەممە و چوارشەممەدا لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە بۆ نێو خاکی هەرێم”.
رۆژی پێنجشەممە 11ی ئایاری 2023، ئیدارەی دەروازەی فیشخاپور لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەرگای خۆی بەر رووی رۆژئاوای کوردستاندا داخست و چوون وهاتنی هاوڵاتیانی لە دەروازەکەدا راگرت، بەبێ ئەوەی هۆکاری داخستنەکە ئاشكرابکات.
ئیدارەی دەروازەی فیشخاپور ئاگادارییەکی دیکەی بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناردووە و ئاگادارییانی کردووەتەوە کە تاوەکو کاتێکی نادیار دەروازەکە بەداخراوی دەمێنێتەوە.
پێشتریش بەرپرسێکی ئەمریکی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا و عێراق کاردەکات، هۆشداریدا لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق، ئەمەش دوای رۆژێک لە داخستنی دەروازەی نێوان هەردوولا.
تاکە دەروازە لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، دەروازەی فیشخاپور – سێمالکایە، کە لەدیوی هەرێمی کوردستان فیشخاپور پێدەلێن و لەدیوی رۆژئاوایی کوردستان سێمالکا پێدەلێن و لە ساڵی 2012 کراوەتەوە.