هەولێر – نۆرس پرێس
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداری دەدات لەبارەی جەنگی جیهانی سێیەم، دەڵێت، هیچ کەسێک ناتوانێت وەک براوەیەک لە جەنگی جیهانی سێیەم دەربچێت.
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە میانەی کۆڕبەندی یاسایی نێودەوڵەتی سانت پترسبۆرگ، رایگەیاند، ڕوونە کە شەڕێکی بەرفراوانی تێکەڵاوی دژ بە ڕوسیا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەوەشکرد، سپۆنسەرە ئەمریکی و ئەوروپییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی کوشندە بۆ دوژمنانی ڕوسیا دەنێرن و هانی تیرۆر دەدەن لە ناوچە سنورییەکانی ڕوسیا و کاری تێکدەر و تیرۆری سیاسی ئەنجامدەدەن.
ئەو بەرپرسەی روسیا باسی لەوەشکرد، نەیارانی ڕوسیا لە ئێستاوە کارەکانیان بەڕێوەدەبەن لەسەر ڕێگای جەنگی جیهانی سێیەم، بەرەو کارەساتێکی جیهانی.
جەختیشی لەوەکردەوە کە لە ململانێیەکی لەو شێوەیەدا، وەک دەزانرێت هیچ لایەنێک بە پێناسە ناتوانرێت سەرکەتوو بێت.