حکومەتی سوریا رێگری دەکات لە هاتنی گەشتکەران لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، حکومەتی سوریا رێگری لە هاتنی گەشتکەران دەکات لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵیاندان.
یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی قامشلۆ، کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “حکومەت رێگری لە هاتنی گەشتکەران کردووە لە رۆژئاوای کوردستانەوە، تا ئێستاش نەزانراوە هۆکاری رێگرییەکە چییە.”
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها نەخۆشەکان رێگەیان پێدەدرێ بپەڕنەوە و بچنە ناوچەحکومییەکانەوە، ئەویش ئەگەر راپۆرتی پزیشکی هەبێت کە بسەلمێنێت نەخۆشە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەم ساتە روون نەبووەتەوە کە ئایا رێگرییەکە خوێندکارانی زانکۆ حکومییەکانی ناوخۆی سوریا دەگرێتەوە یان نا.
هێزەکانی حکومەت ناوبەناو و بێئەوەی هۆکارەکەی روونبکەنەوە، رێوشوێنی لەمجۆرە دەگرنەبەر، هەروەک گەمارۆی گەڕەکەکانی شاری حەڵەب و شار و شارۆچکەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب دەدەن، کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەریدان، و رێگریان لێدەکەن لە هێنانی پێداویستییەکانی خۆراک و ژیانی تایبەت بە دانیشتووان.