هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی نەوتی عێراق بە تورکیای راگەیاندووە، کە سبەی شەممە- 13ی ئایار، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ بە کۆمپانیای بۆکتاشی تورکی راگەیاندووە، رۆژی شەممە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان دەستپێدەکەنەوە.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، رێککەوتنەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری فرۆشتن و بەبازاڕكردنی نەوت، بەگوێرەی مەرجەکانی کۆمپانیای سۆمۆ تەواوکردووە.
دوینێ پێنجشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “دوای رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رێوشوێنەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تەواو بووە.”
لە راگەیێندراوەکەی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە، کە کۆمپانیای سۆمۆ پێنجشەممەی رابردوو بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکی کردووە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی کەرکووک – جیهان دەستپێبکرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئێستا هەردوو وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، یەکەم گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کورستانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانیدا واژۆ کراوە.