بەڕێوبەری خۆسەری ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری وڵاتانی عەرەبی دەربارەی چارەسەریی لە سوریا

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە دۆزی چارەسەریی لە سوریا، هەروەها پێشوازی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ نێوەندە عەرەبییەکەی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بەپێی بڕیارنامەی 2254.

ئەمەش لە راگەێنراوێکدا هات کە بەڕێوبەری خۆسەری لە روپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، تیایدا ستایشی بڕیاری (ژمارە 8914)ی کردووە کە لە 7ی ئایاردا لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیەوە دەرچووە، بۆ گەڕاندنەوەی کورسی سوریا لە کۆمکاری عەرەبیدا.

بەڕێوبەری خۆسەری لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی توانا سیاسی و ئابووری و ئەمنی و مرۆییەکانییەوە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە چارەسەری سیاسیدا.

وڵاتانی عەرەبی داوای پەیوەندیکردنیان لەگەڵ هەموو سوریاییەکان کرد نەک لەگەڵ لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنەکەی تر، بەو پێیەی چارەسەری سیاسی سوریا پێویستی بە کۆدەنگی سوریی  و هەنگاوی جددی و کاریگەری دەوێت، وەک چۆن لەم چوارچێوەیەدا نەرمییان پیشانداوە لە ڕێگەی دەستپێشخەری سیاسییەوە، بە گوتەی ئەوان.

لە 18ی نیسانی رابردوودا، بەڕێوبەری خۆسەری دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا راگەیاند، تیایدا داوایکرد وڵاتانی عەرەبی و نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی ئەرێنی لە چارەسەریی سوریادا بگێڕن و بۆچوونەکانی لایەنە سوریاییەکان لەیەکتر نزیک بکەنەوە.

هەروەها بەڕێوبەری خۆسەری ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە کارکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان کە پێویستیان بە هەوڵی هاوبەش هەیە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و دۆسیەی پەنابەرانی سوریا لە وڵاتانی دراوسێ، بەپێی راگەێنراوەکە.

  هەر بەگوێرەی راگەێنراوەکە ، بەڕێوبەری خۆسەری پێشوازی لە گەڕانەوەی حکومەتی سوریا دەکات بۆ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەو پێیەی لەسەر بنەمای ڕەزامەندی پێشوەختەی حکومەتی سوریایە بۆ پابەندبوون بە دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی عەممان کە لە 1ی ئایاردا بەڕێوەچوو.

هەروەک بەهەنگاوێکی ئەرێنییان زانی، و هیوایان خواست ئاسۆی پەیوەندی و هەنگاوی هاوبەش لەگەڵ هەردوو حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریا بکاتەوە کە باوەڕیان بە چارەسەری سیاسی دیموکراسی و وڵاتانی عەرەبی هەیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان