راگەێنراوی هابەشی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لە مۆسکۆ

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، ئێران و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆبونەوە، دوای کۆبونەوەکە لە راگەێنراوێکدا باسیان لەوەکردوە، “سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا،  فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، حوسێن ئەمیر عەبدوللەهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە و رەزامەندییان دەربڕیوە کە جێگرەکانیان راسپێرن بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، “رێککەوتون لەسەر راسپاردنی بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و هەواڵگریی ئەو چوار وڵاتە”.

ئەوەشخراوەتەڕو، “وەزیرەکان ئەو کەشوهەوا ئەرێنی و بنیاتنەرەیان دوپاتکردەوە کە لە ئاڵوگۆڕی بیروڕادا هەبو، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبون لە پەیوەندییە ئاست بەرزەکان و دانوستانە تەکنیکییە چوارقۆڵییەکان لە ماوەی داهاتودا”.

هەروەها لە راگەێنراوەکەدا داوای زیادکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ سوریا کراوە، ئەویش بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە و هاوکاریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ زێدی خۆیان.

ماوەی چەند مانگێکە رووسیا و ئێران هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئەم کۆبوونەوەیە بە بەرزترین ئاستی نوێنەرایەتی سیاسی دادەنرێت، بەو پێیەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە ئامادەی بوون.