هەولێر – نۆرس پرێس
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، خواستێک هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی بودجەی ساڵی 2023 لە هەفتەی داهاتوودا.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لیژنەی دارایی لە ماوەی دو هەفتەی رابردوودا میوانداری نزیکەی 20 وەزارەتی کردووە جگە لە فەرمانگەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەلایەنی خەرجی و وەبەرهێنان و ئەو پڕۆژانەی کە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێداویستی سەرجەم وەزارەتەکان دەستنیشانکراون، سەرجەم وەزارەتەکان داوای زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی خۆیان دەکەن لە بودجەدا بەڕێژەیەکی بەرزتر لە بودجەی ساڵی 2021.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت، خواستێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا و پێشکەشکردنی ڕەشنوسی یاسای بودجە بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
ناوبراو رونیشیکردەوە، لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن کرابوو کە حکومەتی فیدڕاڵی کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بکات، ئەو بڕە پارەیەش دەخرێتە هەژماری تایبەتەوە.
لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، وتی، هەناردەکردنی نەوت بۆ ماوەی نزیکەی 50 ڕۆژ راگیراوە، بەهۆی ناکۆکی لەنێوان تورکیا و عێراق، ئەوەش وایکردوە زیانی نزیکەی ملیارێک دۆلار لە عێراق بدات.
پەیوەست بە پشکی کورد، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، پشکی هەرێم لە بودجەدا بەڕێژەی 12.67% دیاریکراوە، بەو پێیەش پشکی هەرێم لە بودجەدا دەگاتە 16 ترلیۆن و نیو.