هەولێر – نۆرس پرێس
لە میانی گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە مۆسکۆی پایتەخت بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی رووسیا ستایشی هەنگاوە بەردەوامەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقی کرد، هاوکات پێشنیازی “نەخشەڕێگا”ی لەو چوارچێوەیەدا ئاشکرا کرد، کە تێیدا و بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە لە سوریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە فەرمی لەگەڵ هاوتا سورییەکەی دادەنیشێت.
هاوکات، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، فەیسەڵ میقدادی سوریا و مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی چوارلایەنە لەسەر پرسی سوریا لە مۆسکۆ بەڕێوەدەبەن.
چوار وەزیرەکە لەم دیدارەدا کۆدەبنەوە، ئەمەش وەک دەرئەنجامی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و کۆتاییهێنان بە قۆناغی ناکۆکی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە.
بەگوێرەی ئاژانسی “RIA Novosti”ی رووسی، لاڤرۆڤ گوتی: ئێمە بەردەوام توانیومانە ئەم ئەنجامە بەدەست بهێنین.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەستپێکردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی تورکیا-سوریا کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی هەیە”.
هەروەها وەزیری رووسیا پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بە ئامرازێک زانی بۆ کردنەوەی دەرفەتی نوێ بۆ دانیشتنەکانی “ئاستانا” بۆ یەکلاکردنەوەی قەیرانەکانی سوریا.
لاڤرۆڤ پێشنیاری ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی کرد لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا رووسیا میوانداری یەکەمین گوتووێژی نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریای کرد، ئەمەش دوای نزیکەی 12 ساڵ لە دابڕان هات.
تورکیا کە پێش ئەم ململانێیە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دیمەشق هەبوو، تا ئەوکاتەی هانی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنەکانیدا لە روبەڕوبوونەوەی دیمەشقدا، لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆز بووە، لەم دواییانەدا وردە وردە لەهەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی.
لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا لە مۆسکۆ گوتووێژ لە نێوان وەزیرانی بەرگری هەرچوار وڵاتەکەدا بەڕێوەچوو.
دوابەدوای ئەوە وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی ئەو وڵاتە تاوتوێ کراوە، هاوکات وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندووە کە لایەنەکانی مۆسکۆ هەنگاوی تایبەتیان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
تا ئێستا نازانرێت خودی ئەو پرسە مشتومڕاوییەی لە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە بەرنامەی کاری ئەم دانیشتنەدا دەبێت یان نا.
بڕیارە لە درەنگانی ئەمڕۆدا بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە رابگەێنرێت.