سلێمان سۆیلو ئەمریکا بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بڵاوکراوەکانی رۆژنامەکانی رۆژئاوا لە بارەی هەڵبژاردنەکەی تورکیاوە، بۆ جێبەجێکردنی پیلانی ئەمریکایە کە دەیەوێت لەو رێگەیەوە دەستوەردان لەهەڵبژاردنەکان بکات.

سلێمان سۆیلو لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، “پیلانی ئەمریکا پەرەی پێدەدرێت و هۆکاری دەستێوەردانی میدیای رۆژئاوا، هەوڵدانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانە، رۆژئاوا دوای ساڵی 1960 هاتە نێو سیستەمی سیاسی تورکیاوە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی ئێستای تورکیا توانی خۆی لێیان رزگار بکات و کۆتاییان پێبهێنێت”.

گوتیشی: “رۆژئاوا بانگەشەی ئەوە دەکات کە کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرەدا ناگونجێت، بەڵام راستی بابەتەکە لەوەدایە کە تورکیا چیتر ملکەچبوون بۆ کۆنترۆڵی ئەمریکا قبوڵ ناکات”.

سۆیلو رایگەیاند، “ئێستا رۆژئاوا دەستیکردوە بە خستنەڕووی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە تورکیا، ئەو كاتەی کە ئێمە لە ساڵی 2023 لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەوین، سەدەیەک سەقامگیری دەستپێدەکات، ئەوان ئەوە دەبینن، هیچ هەڵبژاردنێک نییە کە باڵیۆزی ئەمریکا نەیویستبێت چاودێری بکات و کۆنتڕۆڵی بکات”.

سۆیلو زیاتر ئەمریکا و رۆژئاوا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، “104 ساڵە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەمان دەدەن و هەر بۆیەش هەموان دەزانن کە دەیانەوێت دەستوەردان بکەن”.

پێشتریش سلێمان سۆیلو، ئەمریکای بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی “دەوڵەتێکی تیرۆریستی” لە نزیک سنورەکانی تورکیا تۆمەتبار کردبوو، دوای هێرشەکەی ساڵی رابردووی ئیستانبوڵ، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندبوو، کە ئەنقەرە سەرەخۆشی واشنتن قبوڵ ناکات.

14ی ئایار مانگە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان و کەمال کلیچدار ئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت لەکێبڕکێی توندان بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.