میقداد دەگاتە مۆسکۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵییەکە

دیمەشق – نۆرس پرێس

فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندی یاوەری، ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئایاری 2023، گەیشتنە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەدا کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 10ی ئایاری 2023، بەڕێوەبچێت.

شاندی سوریا پێکهاتبوون لە د.ئەیمەن سوسان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سوریا، د.بەشار ئەلجەعفەری، باڵیۆزی سوریا لە مۆسکۆ، جەمال نەجیب، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر و راوێژکار ئەحاب حەمەد لە نووسینگەی وەزیر.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەدەچێت.

 وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ” شاندی سووریا لەگەڵ هەردوو شاندنی رووسیا و ئێران کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام دەدات”.  

دەزگای فەرمی، سانا، راپۆرتیدا کە “شاندی سوریا جەخت لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بە داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکەکانی سوریا دەکەنەوە و کشانەوەی هەموو هێزە نایاساییەکانی بیانی لێی، ئەمە جگە لەوەی دەستوەردان نەکردن لە کاروباری ناوخۆی سوریا و پشتگیری نەکردن لە تیرۆر”.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی چوارشەممە، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، هاوتا سورییەکەی کۆدەبێتەوە.