ئەمریکا سزاکانی سەر سوریای بۆ ساڵیکی تر درێژ کردەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە راگەینراوێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە سزاکانی سەر سوریا بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژ بکاتەوە.

بەر لە راگەیاندنی سزاکان، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر، رایگەیاند کە ئەمریکا “پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ئاسایی ناکاتەوە، هەروەها سزاکانی بۆ سەر سوریا بە تەواوی دەمێنێتەوە”.

کۆمکاری عەرەبی سوریای بۆ ئەندامێتی خۆی گەڕاندەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 سڕ کرابوو، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ هەوڵێکی ناوچەیی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد، ئەو هەنگاوەی کە واشنتن رەخنەی لێگرت.

کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات سەبارەت بە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

ئاگادارییەکەی کۆشکی سپی سەبارەت بە درێژکردنەوەی سزاکان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو رێوشوێنە جۆراوجۆرە سنووردارانەی کە واشنتۆن لە ساڵی 2004 تا 2012 لە دژی دیمەشق پیادەی دەکات، تا ئێستاش کارایە.

بە تایبەتی، سنووردارکردنەکانی سڕکردنی سەروەت و سامانی هەندێک کەس و لایەنی یاسایی و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەندێک جۆری کاڵا و خزمەتگوزاریی ئەمریکی بۆ سوریا.

کۆشکی سپی لە زاری سەرۆککۆمارەوە رایگەیاندووە، ئیدارەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە باری نائاسایی نیشتمانی راگەیەندووە لە پەیوەست بە لێپرسینەوەکان لە حکومەتی سوریادا.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا بیر لە گۆڕانکاری لە سیاسەت و کردەوەکانی حکومەتی سوریا دەکاتەوە بۆ ئەوەی دیاری بکات کە ئایا لە داهاتوودا ئەم بارە نائاساییە نیشتمانییە بەردەوام دەبێت یان کۆتایی پێدێت.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبەیر