هەولێر – نۆرس پرێس
دەزگای دادی ئێران بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و بڵاوکردنەوەی بێدینی” لەسێدارەدانی دوو کەسی راگەیاند.
ماڵپەڕی “میزان”ی دەزگای دادی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 8/5/2023 رایگەیاندووە کە حوکمی لەسێدارەدان بۆ “یوسف مێهرداد و سەدروڵلا فازلی زارع” دوای ئەوەی بە تاوانی “سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلامی و پێغەمبەر محەمەد و سووکایەتیکردن بە ئیمام و پیرۆزییەکان” سزا دراون.
دەسەڵاتی دادوەری، کاتی لەسێدارەدانەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام لە ئێران زۆربەی جار لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا سزایی لەسێدارەدان ئەنجام دەدرێت.
دەزگای قەزایی ئێران رایگەیاند، دوو سزادراوەکە دەیان پلاتفۆرمی دژە ئایینیان لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەرێوەبردووە بە ئامانجی هاندانی دژی ئیسلام و پەرەپێدانی بێدینی و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئێران کرد “گۆشەگیری و هەراسانکردنی کەمینە ئایینییەکان” رابگرێت، و دەڵێن ئێران بە سیاسەتێکی پلاندارێژراو، ئایینییە جیاوازەکان دەکاتە ئامانج.
زۆربەی ئەو تۆمەتانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەن کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، “سووکایەتیکردنە بە خودا و بڵاوکردنەوەی بێدینی و وەستانەوە دژی دەوڵەت”، ئەمەش بووتەوە هۆکاری دروستبوونی نیگەرانی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی لە دژی ئێراندا بەوپێیەی تاران ئەم هۆکارانە دەکاتە بیانوویەکی بەردەوام بۆ دوورخستنەوەی نەیارەکانی.
رۆژی یەکشەممە سوید بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی بە وەکالەت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی “حەبیب شەعب” کە هاووڵاتی سویدی- ئێرانی بووە، کەسێکی ئۆپۆزسیۆنی دیاری ناوچەی ئەهواز بوو.