مۆسکۆ پێشوازی لە بڕیاری دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی سوریا لە چالاکییەکانی کۆمکاری عەرەبیدا دەکات
دیمهشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 7ی ئایاری 2023، رایگەیاند، مۆسکۆ پێشوازی لە بڕیاری دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی سوریا لە چالاکییەکانی کۆمکاری عەرەبیدا دەکات.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە راگەیەندراوێکدا کە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی رووسا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، مۆسکۆ پێشوازی لە بڕیاری دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی سوریا لە چالاکییەکانی کۆمکاری عەرەبیدا دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ پێشوازی لەم هەنگاوە لەمێژە چاوەڕوانکراوە دەکات و بووەتە دەرئەنجامێکی لۆژیکی پرۆسەی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکار، کە زەبری زیاتری بەدەستهێناوە.
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەدا کە “دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی سوریا لە کارەکانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی کەشوهەوای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خێراکردنی پرۆسەی کارکردن و تێپەڕاندنی کاردانەوەکانی قەیرانی سوریا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێمان وایە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی خواستی وڵاتانی جیهانی عەرەبی نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی کارەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە چارەسەرکردنی کێشە بەپەلەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات، و ئیرادەی خۆیان بۆ بەردەوامبوون دووپاتکردەوە”.
رۆژی یەکشەممە، کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بڕیاری گەڕاندنەوەی سوریای بۆ کورسییەکەی دەرکرد، دوای ئەوەی نزیکەی 12 ساڵ ئەندامێتی وڵاتەکەی هەڵپەسارد.
وەڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011دا ئەندامێتی سوریایان لە ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی راگرتبوو، بەهۆی ئەو شەڕ وپێکدادانانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتی سوریا سەریانهەڵدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو مامەڵەیەی کە حکومەتی سوریا لەگەڵ رووداوەکاندا دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی لەو کاتەدا نێردراو و دیپلۆماتکارەکانیان لەسوریادا کشاندەوە.