ئەمریکا: سوریا شایەنی گەڕانەوە نییە بۆ کۆمکاری عەرەبی

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەمریکا رەخنە لە بڕیاری گەڕانەوەی سوریا دەگرێت بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکەی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەپێی بڕیارێک کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبیدا دەرچووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگه یاند که ئەمریکا پێیوایه “دیمەشق شایستەی گەڕانەوه نییه بۆ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ” و گومانیان کرد لە ویستی به شار ئەسەدی، سەرۆکی سوریا بۆ چارەسەرکردنی ئه و قەیرانەی لە ئەنجامی شەڕی وڵاتەکەیدا هاتووەتە ئاراوە .

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەمریکا پێی وایە هاوبەشە عەرەبییەکان بەنیازن پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ئەسەد بەکاربهێنن بۆ فشارخستنە سەری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی درێژخایەنی سوریا و واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەسەر “ئامانجی کۆتایی” ئەم بڕیارە هاوڕایە.

پێشتر ‘ئەحمەد ئەبول غەیت’ ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، بە دڵنیاییەوە گەڕانەوەی سوریا بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی بە مانای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە نییە.

وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی هاوڕابوون، لە کۆبوونەوەیەکدا کە دوێنێ لە قاهیرە بەڕێوەچوو، لەسەر گەڕانەوەی فەرمی سوریا بۆ کورسییە چۆڵەکەی لە کۆمکاری عەرەبی.

ئیمارات پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی عەرەبییەوە دەرچووە، کە مەرجی گەڕانەوەی سوریای بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی داناوە و ئەم هەنگاوەی بە “ئەرێنی” وەسف کرد.

وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011دا ئەندامێتی سوریایان لە ئەنجومەنی کۆمکاریدا هەڵپەسارد، بەهۆی ئەو شەڕەی کە لە پاشخانی ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت سەریهەڵدا و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ رووداو و تووڕەییەکانی ئەو کاتەدا، وەک زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لەو کاتەدا نێردراوەکان و دیپلۆماتکارەکانیان لە دیمەشق کشاندەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی