حکومەتی سوریا ئامادەی کۆبوونەوەکانی داهاتووی وڵاتانی عەرەبی دەبێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، گەڕانەوەی سوریا بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی بە مانای کۆتایی هاتنی قەیرانەکان نییە.

ئەم لێدوانەی ئەبو غەیت لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوکری ئەنجامدراوە، دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە قاهیرە بڕیاریاڕدرا  بە گەڕانەوەی سوریا بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی.

ئەبو غەیت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەشداری لە لوتکەی داهاتوودا بکات کە لە 19ی ئایاردا لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا لە هەموو کۆبوونەوە عەرەبییەکانی داهاتوودا ئامادە دەبێت.

غەیت باسی لەوەشکرد ، کێشەی سوریا به ڕۆژێک و مانگێک چارەسەرناکرێت و کاتی دەوێت.

ئەبو غەیت ئاماژەی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەیوەندیدار کرد بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق دوای گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیکەدا، وەزیری دەرەوەی میسر جەختی لە گرنگی درێژەدان بە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە وڵاتەکەی گرنگی بە پرسی گەڕانەوەی پەنابەران دەدات بەشێوەیەکی رێک وپێک  لە ئوردن و لوبنان  بۆ سوریا.

پێشتریش وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە کۆبوونەوەی قاهیرە رێککەوتبوون سەبارەت بە گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر کورسییە چۆڵەکەی لە کۆمکاری عەرەبی.

وەڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011دا ئەندامێتی سوریایان لە ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی ڕاگرتبوو، بەهۆی ئەو شەڕ وپێکدادانانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەتی سوریا سەریانهەڵدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو مامەڵەیەی کە حکومەتی سوریا لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی لەو کاتەدا نێردراو و دیپلۆماتکارەکانیان لەسوریادا کشاندەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی