سەرچاوەیەک لە کۆمکاری عەرەبی بە نۆرس پرێسی راگەیاند: بڕیارێکی فەرمی لەبارەی گەڕانەوەی دیمەشق بۆ کۆمکار دراوە
دیمهشق – نۆرس پرێس
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە، ئەمرۆ یەکشەممە، 7ی ئایاری 2023، رایگەیاند، پرسی گەرانەوەی دیمەشق بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاریدا “نزیکە لە یەکلایی بوونەوە” و پێدەچێت بریاری گەرانەوەی کۆمکاری عەرەبی بە فەرمی لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا بدرێت .
ئەمرۆ کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدات، بە بەشداری وڵاتانی ئەندام لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا و سودان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکان لەسەر ئاستی نوێنەران، کە دوێنێ بەرێوەچوو، رایگەیاند کە گەیشتوونەتە رەشنووسی بریارێک بۆ گەرانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمەڵەکە.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە “هۆکاری پرۆتۆکۆڵ” بە نۆرس پرێسی گوت: ” کە بریاری گەرانەوەی سوریا بە فەرمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەمرۆی وەزیرانی دەرەوە دەدرێت”.
بە گەرانەوەی دیمەشق بۆ ناو کۆمکارەکە، ماوەی 12 ساڵەی دوورکەوتنەوە کۆتایی پێدێت، چونکە لە ساڵی 2011ەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو سوریا، ئەندامێتی لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبیدا راگیرا.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر وڵاتانی عەرەبی مەیلیان هەبوو هەوڵی گەرانەوەی سوریا بدەن بۆ گەڕانەوەی بۆ کورسییە بەتاڵەکەی لە کۆمکاریدا، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە لوتکەی داهاتووی عەرەبی لە پایتەختی سعودیە بەشداری بکات.