دەستەی تەحریر شام زەکات بەسەر جووتیاراندا دەسەپێنێت
ئیدلیب – نۆرس پرێس
رۆژی شەممە، دەستەی زەکاتی سەربە دەستەی تەحریر شام، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنەکردنی گەنم و جۆ زەکات بەسەر جووتیارانی دانیشتوانی ناوچە کشتوکاڵیەکاندا سەپاند.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی زەکاتەوە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، سەپاندنی زەکات لە ڕێگەی لیژنەکانی کشتوکاڵیەوە لەناکاو هاتە ئاراوە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵات پێویستی بە پارە هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە پارەکانیان لەلایەن تورکیاوە بلۆک کرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، زەکات بە بڕی 2.5%ی بەهای بازاڕی خەمڵێنراو دانراوە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تێچووی دروێنەکردن و تێچووی کار و زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکە کرابێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەستەی تەحریر شام خاوەنی نزیکەی 50%ی زەوی کشتوکاڵیەکانی ئیدلیبە کە لەلایەن فەرمانگەی دەستەکەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، یان لە ژێر ناوی بازرگانانی سڤیل کڕدراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا سەر بە دەستەی تەحریر شامە.