بە نێوەندگیری ئەمریکا و سعودیە، جەددە میوانداری یەکەمین وتووێژی نێوان هەردوو لایەنی ململانێی سودان دەکات
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، 6ی ئایاری 2023، هەردوو لایەنی ململانێی سودان، بۆ یەکەمجار، لەسەر مێزی دانوستانەکان بە نێوەندگیری سعودیە و ئەمریکا لە شاری جەددە کۆبوونەوە، تاوەکو کۆتایی بەو شەڕە خوێناوییەی نێوانیان بهێنن کە لە 15ی نیسانەوە بەردەوامی هەیە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، شاندێکی سوپای سودان چوونە شاری جەددەی سعودیە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ نەیارەکەی کە هێزەکانی پشتیوانی خێرایە، دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانەکان پێی خستە ناو هەفتەی چوارەمەوە.
دانوستانەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ئەمریکا و سعودیە دێت کە لە سەرەتای قەیرانەکانەوە خراوەتەڕوو.
نێوەندگیرەکان هەوڵ دەدەن هەردوو لایەنی ناکۆک لە سودان، لەسەر مێزی ئاگربەست کۆبکەنەوە، لانیکەم بۆ وەستاندنی شەڕە خوێناوییەکە، وەک پێشەکییەک بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانیان.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، پێشوازییان لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە جەددە لە 6ی ئایاری 2023 دەکەن.
رۆژی هەینی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فەیسەڵ بن فەرحان، هاوتا سعودییەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سودان ئەنجامدرا.
سکرتێری بلینکن سوپاس و پێزانینی ئەمریکای دەربڕی بۆ ئەو هاوکارییە بەنرخانەی سعودیە پێشکەشی کردووە بۆ ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە جەددە بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی و ئەندامانی خێزانەکانیان کە سودان بەجێدەهێڵن.
هەردوو وەزیرەکە جەختیان لە هاوکاری چڕوپڕی نێوان وڵاتەکانیان کردەوە سەبارەت بە کردەوەی دیپلۆماسی بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ لە سودان.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، سعوودیە و ئەمەریکا داوای بەردەوامبوونی پاڵپشتی هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆسەی دانوستانی فراوانتر دەکەن، کە دەبێت بەشداری لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سودان لەخۆ بگرێت.