ئەنقەرە نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ سوریا پێش هەڵبژاردن رادەگەیەنێت
دیمهشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق راگەیاند، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 10ی ئایاری 2023 ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشداری ئێران و سوریای لەسەر ئاستی هاوتاکان پشتڕاست نەکردەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەنیازە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لە مۆسکۆ سەبارەت بە سوریا وتووێژ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا رووسییەکەی بکات.
چاوشئۆغڵو رۆژی هەینی، 5ی ئایاری 2023، جارێکی تر باسی لە کۆبوونەوەکە کرد، دوای زنجیرەیەک لێدوان لە ماوەی مانگی رابردوودا، کە رەزامەندی کۆتایی لە رووسەکانەوە وەرگرتووە، بە ئاماژەدان بەوەی کە “تەنها شتێک ئەوەیە کە هێشتا نازانرێت کێ نوێنەرایەتی ئێران دەکات.”
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەفریقا دەکات یان نا، هەربۆیە رەنگە نوێنەرێکی دیکەش بەشداری دانوستانەکان بکات (لە مۆسکۆ).
وەزیری تورکیا گوتی، “بەیانی (10ی ئایار) دەچینە مۆسکۆ، ئەگەری گفتوگۆکردنم لەگەڵ لاڤرۆڤ دەبێت، دوای ئەوەش بەشداری کۆبوونەوەیەکی وەزاری دەکەین”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە 28 کانوونی دووەمی 2022 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی مۆسکۆ میوانداری راوێژکارییەکانی نێوان وەزیرانی بەرگری رووسیا و سوریا و تورکیای کرد.
کۆبوونەوەیەکی دیکە لە هەمان ئاستدا لە 25ی نیساندا بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی چوار وڵاتەکە، لە میانی راوێژکارییەکانی مۆسکۆ لە 3 و 4ی نیسان، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزیران تاوتوێ کردبوو.
ڕووسیا میوانداری ئەو کۆبوونەوە چوار قۆڵییە دەکات کە رەنگە گەشە بکات بۆ لوتکەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، بەمەش کۆتایی بە سەردەمی 12 ساڵەی دوورکەوتنەوە لە نێوان ئەنقەرە دێت کە پشتیوانی لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات، لەنێویاندا لایەنە توندڕەوەکان و دیمەشق کە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت .