هەولێر- نۆرس پرێس
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، باری نائاسایی لە جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوە و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆتایی هات، چیتر کۆڤید-19 بە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی جیهانی نازانرێت.
ئەمڕۆ هەینی تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی ڕایگەیاند، چیتر کۆڤید-19 بە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانیی نازانرێت، بەڵام ڤایرۆسەکە کۆتایی نەهاتووە و بەو مانایەش نایەت کە مەترسییەکە تێپەڕیبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری دووبارە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ئەگەر دۆخەکە بگۆڕێت.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە لیژنەی فریاگوزاری سەربەخۆی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ کۆرۆنا لە 15ـەمین کۆبوونەوەیدا بڕیاری دا کە قەیرانەکە چیتر شایستەی ئەوە نییە کە بەشێوەیەکی چڕ ئامادەکاری بۆ بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی ئاماژەی بەوەشدا کە زیاتر لە 20 ملیۆن کەس بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای کۆڕۆنا گیانیان لەدەست دا و ژمارەی تووشبووانیش سێ هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە گیانیان لەدەست داوە.