وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق : شەش هەزار پارچەی شوێنەواری لە بەریتانیا وەرگیراونەتەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق ڕایگەیاند، شەش هەزار پارچەی شوێنەواری لە بەریتانیای وەرگرتووەتەوە، بەریتانیا ئەو پارچە شوێنەواریانەی بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ساڵی 1993ەوە بە قەرز لە عێراق وەریگرتبوو.

لەڕاگەیەنراوێکدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق بڵاویکردەوە، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی، شەش هەزار پارچە شوێنەوار و کەلوپەلی کۆنیان وەرگرتووەتەوە کە لە ساڵی 1993 بەریتانیا بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە بە قەرز لە عێراقی وەرگرتبوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەرگرتنەوەی ئەو پارچە شوێنەواریانە بە ئامادەبونی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق و باڵیۆزی عێراق لە لەندەن بووە، هەروەها بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەکانی بەریتانیا و شوێنەوارناسانی عێراق و بەریتانیاش ئامادەببوون.