لە هەولێر کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردستان – کوردانی فەیلی کۆتایی هات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردستان – کوردانی فەیلی کۆتایی هات و 20 راسپاردە خرانەڕوو.

رۆژی 2ی ئەم مانگە به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین توێژه‌ر و یاساناس و كه‌سایه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌، کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردستان – کوردانی فەیلی ئەنجامدرا.

دوای ته‌واوبوونی كۆنفرانسه‌كه، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كامه‌ران یونس محەمەدئه‌مین، سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین رایگەیاند، له‌ 25 وڵاتی جیهانیەوە میوانان به‌شداریان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ كردووه‌ و له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی ئه‌و كۆنفرانسه‌دا 107 توێژینه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌ و 31 پانێڵی سیاسی زانستیش له‌ 10 بواری جیاواز پێشكه‌ش كراون.

راسپارده‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك خاڵ پێكهاتووه‌، بڵاوكرایه‌وه‌ و تێیدا راگه‌یه‌ندراوه‌‌، له‌پێناو رێكخستنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و به‌دواداچوون و خزمه‌تكردنی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی تایبه‌ت به‌ جینۆسایدی كوردی فه‌یلی، داوا ده‌كرێت کە لە شاری هەولێر دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی تایبه‌ت به‌ كوردانی فه‌یلی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابمه‌زرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌م كاته‌دا سه‌رجه‌م راسپارده‌كانی كۆنفرانس ده‌بنه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی ورد بۆ كاری ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ و خزمه‌تكردنی كوردی فه‌یلی له‌ ئێستا به‌دواوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشنیاز كراوه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق پابه‌ند بكرێت به‌ چوونه‌ پاڵ و واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌ی رۆمای سه‌ره‌كی. هاوكات پێشنازی ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ئه‌ندامبوونی عێراق له‌ رێككه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عێراق عێراق له‌ ساڵی 1959 واژووی له‌سه‌ر ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی عێراق جێبه‌جێ نه‌كراوه.

یه‌كێك له‌ پێشنیازه‌كانی دیكه‌ كه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ پێشكه‌شی كردووه‌، بریتییه‌ له‌ ده‌ركردنی یاسایایه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقی فیدڕاڵ سه‌باره‌ت به‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی هه‌میشه‌یی كه‌ تایبه‌ت بێ به‌ تاوانه‌كانی جینۆساید و دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و دوژمنكاری.

هاوكات له‌ یه‌كێك له‌ پێشنیازه‌كانی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ داوا كراوه‌، په‌رله‌مانی عێراقی فیدڕاڵ یاسایه‌ك ده‌ربكات سه‌باره‌ت به‌ جێگیركردنی به‌شه‌بودجه‌ی ساڵانه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان و قوربانیانی جینۆسایدی گه‌لی كورد به‌گشتی و كوردانی فه‌یلی به‌تایبه‌تی.