موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵیە و دابیندەكرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی پانێڵێكدا رایگەیاند، نەوت بنێردرێت یاخود نا، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵیە و دابیندەكرێت.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگفتوگۆیەکدا و لەمیانەی پانێڵێکی دیداری عێراق لە بەغدا، سەبارەت بەدۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەران رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكەوتنمان كردووە كە هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێبكاتەوە، سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانیش نەوت هەناردە بکرێت یان نا موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێرین و لەئەستۆی ئێمەیە.

محەمەد شیاع سودانی گووتی، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم تەنھا لایەنی ھونەری ماوە، تورکیاش پێی راگەیاندوین، بەنیازە پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە سەلامەتی بۆریەکان دڵنیا ببێتەوە، چونکە ئەو بۆڕییە نەوتییانەی کە نەوتی هەرێم دەگوازنەوە پێویستییان بە پشکنین هەیە پێش ئەوەی دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، تا ئێستا 31%ی بەرنامەی کابینەکەی جێبەجێکراوە و تیمەکەشی شەو و رۆژ بە دڵسۆزییەوە کاردەکەن و جەخت لەسەر بە دەستهێنانی ئامانجی کارنامەی حکومەتەکەی دەکەنەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت، حکومەت هیچ دو دڵ نییە لە لێپێچینەوەی گەندەڵکاران و بۆ ئەو مەبەستەش هیچ هێڵێکی سوریشیان نییە، لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەشدا کە شەش مانگە دەستی بەکارەکانی کردوە، سەلماندومانە کە سەرکەوتو بوە لەچارەسەری کێشەکان.

سودانی گووتیشی، لەسەر کارەکانی حکومەت و شێوازی بەڕێوەچونیان، مانگانە بەراپۆرتێکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە سەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی تێدایە ئاگاداردەکەمەوە.