هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵوێزی ئەڵمانیای کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا کردووە، هیوای سەرکەوتنيشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیرکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لەم مانگەدا، شاندێکی گەورەی بازرگانان و خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.