بە پشتیوانی فەلەستینی.. بونیاتنانی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون بەردەوامن
ئەعزاز- نۆرس پرێس
کۆمەڵەیەکی ناوخۆیی بەردەوامە لە ئامادەکردنی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون کە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی “ئەلقلوب رەحیمە”ی فەلەستینی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، لە گوندەواری ئەعزاز لە باکووری حەڵەب بنیات دەنرێن.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، رێکخراوە فەلەستینیەکە پاڵپشتی کۆمەڵەی “عەتا”ی کردووە کە لە باکووری رۆژئاوای سوریا کاردەکات، بۆ دامەزراندنی ئۆردوگای نیشتەجێبوونی نوێ لە ناوچەی “سیجراز” لە نزیک شاری ئەعزاز لە باکووری حەڵەب.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمەوە دەستی بە بنیاتنان کردووە، کە نزیکەی 500 یەکەی نیشتەجێبوونی دروستکردووە و رادەستی ئاوارە و هاوردەکان کراون، لەکاتێکدا کۆمەڵەکە هێشتا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن بۆ بنیاتنانی ئۆردوگای نیشتەجێکردنی نوێ لەو ناوچانەدا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە گروپە لایەنگرەکانی تورکیا لە “بەرەی شامییە” و “شورتەی عەسکەری” لە شاری ئەعزاز دەستیان بەسەر بەشێک لەو یەکە نیشتەجێبوونانەدا گرتووە.
بەپێی ئامارێک کە لەلایەن نۆرس پرێسەوە چاودێری کراوە، ژمارەی ئەو ئۆردوگا نیشتەجێبوونانەی کە تورکیا بە پاڵپشتی وڵاتانی کەنداو، دیارترینیان کوەیت و قەتەر و کۆمەڵە فەلەستینییەکان بنیاتی ناون، زیاترن لە 100 ئۆردوگای نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە باکوری سوریا.