دەروازەی باب ئەلهەوا ژمارەی پەنابەرانی دیپۆرتکراوەی سوری ئاشکرا کرد

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، ئاشکرای کردووە، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لە ڵاتەکەیانەوە دیپۆرتکراونەتەوە، گەیشتووەتە 722 پەنابەر.

ئیدارەی دەروازەکە لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی ئەو پەنابەرە سورییانەی لە تورکیاوە بە مۆڵەت گەڕاونەتەوە ناوچەکانی باکووری سوریا لە رێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەواوە، لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە دانرابوو، گەیشتووەتە دوو هەزار و 637 کەس، بەمەش کۆی ژمارەی هاتنی گەشتیاران گەیشتە 22 هەزار و 543 کەس.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ماوەی مانگی رابردوودا ئەو دەروازەیە مۆڵەتی چوونە ژوورەوەی بۆ خاکی تورکیا نەداوە بۆ ئەو نەخۆشانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانی تورکیادا چارەسەر وەربگرن.

لەکاتێکدا کۆی گشتیی گەشتکەران بۆ تورکیا و لە تورکیاوە لە رێگەی ئەو دەروازەوە گەیشتوونەتەوە،9  هەزار و 335 کەس بوون، کە هەزار و 936 یان ژن و 7 هەزار و 399 یان پیاو بوون.

روونیشیکردەوە، ئەو گەشتکەرانە دابەشبوون بەسەر دوو هەزار و 983 کەسدا کە خاکی سوریایان بەجێهێشتووە بۆ تورکیا، هەروەها شەش هەزار و 352 کەس کە لە رێگەی دەروازەکەوە لە تورکیاوە هاتوون بۆ سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد