ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
دوای سێجار لە دواخستنی ئەو دانیشتنە، بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و چاوەڕوانیشدەکرێت لەدانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، بڕیارێک دەربکات.
بەگوێرەی خشتەی کاری کاری دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی، لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، سەرجەم سکاڵاکارانیش ئامادەی دانیشتنەکە دەبن، چاوەڕواندەکرێت بڕیاری یەکلاکەرەوە لەوبارەیەوە دەربچێت.
دانیشتنەکە لەسەر سکاڵایەکە کە لەلایەن سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا، داوا دەکرێت لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە لە 10ی (ئەیلول/9)ی 2022 لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەرچوە کە یاسای درێژەدانە بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش ماوەی پەرلەمان درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێکی تر.
بە گوتەی سکاڵاکەران، ئەو یاسایە ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (5 و 20)ی دەستور، جگە لەوەی ئەوان بڕوایان وایە کە “ئەو مافە دەستورییە زەوت دەکات کە لە مادەی (51)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992 ئاماژەی پێکراوە”.
دوایانجار کە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، 7ی شوباتی ئەمساڵ بوو، بەهۆی دەرنەکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ 3ی (ئایار/5)ی 2023 دواخست.