فیرقەی چوار ئەو بەساڵاچووانە ئازاد دەکات کە بە زۆر لە لوبنان دیپۆرت کراون و گەنجانیش رەوانەی بەشی خزمەتی سەربازی دەکات
دیمهشق – نۆرس پرێس
سەرچاوە تایبەتەکان بۆ نۆرس پرێسیان ئاشکرا کرد، کە فیرقەی چوارەمی هێزەکانی حکومەتی سوریا دەیان کەسی بەساڵاچوویان ئازادکرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە لوبنان دیپۆرتکرابوونەوە، گەنجەکانیش رەوانەی بەشی دامەزراندنی سوپا کران بۆ ئەوەی ناویان تۆماربکەن لەو شوێنەی کە پێی دەوترێت “خزمەتکردنی ناچاری.”
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەسەڵاتدارانی لوبنان سەدان پەنابەری سوورییان لە خاکی لوبنان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت راگواستووە.
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە فیرقەی چوار، نزیکەی 50 کەسی لە زیندانەکانی خۆی لە دیمەشقی پایتەخت ئازاد کردووە کە زۆربەیان بەتەمەن بوون، دوای ئەوەی نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر دەستگیریان کرد، کاتێک دەسەڵاتدارانی لوبنان رادەستی فیرقەی چوار و ئاسایشی سیاسی کردبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، فیرقەی چوار دەیان گەنجی کە تەمەنیان بۆ خزمەتی ناچاری گونجاو بووە و ئەوانەشی تەواویان نەکردبوو رادەستی بەشی وەرگرتنی سەربازی حکومەت کردبوو، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستاش نزیکەی 250 کەسی لە زیندانەکانی خۆیدا دەستبەسەر کردووە، لەنێویاندا دەیان کەسی داواکراو هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە کە سوریا هێشتا “نائارامە” بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆی، هەروەها لە راپۆرتێکدا کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوەکانیەوە بڵاوکرایەوە رایگەیاند، ئەو بابەتە بەهۆی بەردەوامی دەستگیرکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوەیە.