دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش لە سلێمانی

سلێمانی – نۆرس پرێس

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی دوو داواکراوی لە یاسا هەڵاتوو و تۆمەتبار بە مادەی چواری تیرۆری عێراق، لە شاری سلێمانی، هەرێمی کوردستان دەستگیر کران، کە یەکێکیان بە برینداری دەستگیر کراوە.

دوێنێ دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە روپەڕی فەرمی خۆیان رایانگەیاند، “دوو تیرۆریستی داعش، کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکرابوون لەلایەن ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراون، دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بەدواداچوون و کارکردنی بەردەوام بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵگەمان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو تیرۆریستی لە یاسا هەڵاتوو کە لە شارەکانی عێراقەوە هاتوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خۆحەشاردان.”

بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، “دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەماهەنگی و هاریکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق، هێزەکانمان لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکرد و ئەنجام لە شەوی یەکشەممە 30-04-2023 لە دوو هەڵمەتی جیادا هەردوو تیرۆریستەکە دەستگیر کران.”