سوپای سوریا به‌ربه‌ستی خۆڵین له گونده‌كانی ته‌لڕه‌فعه‌ت دروست ده‌كات
گونده‌واری باكوری حه‌ڵه‌ب- نۆرس پرێس
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه شۆفڵه‌كانی سه‌ر به سوپای سوریا له ده‌وروبه‌ری گونده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی شارۆچكه‌ی ته‌لڕه‌فعه‌ت له گونده‌واری باكوری حه‌ڵه‌ب، ده‌ستیانكرد به به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌ربه‌سته خۆڵییه‌كان.
له‌وكاته‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له گونده‌واری باكوری حه‌ڵه‌ب ده‌ستیپێكردوه، هێزه‌كانی سوریا ده‌ستیانكردوه به قاییمكردنی سه‌نگه‌ره‌كانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌ربه‌سته خۆڵییه‌كان له چه‌ند گوندێك.
له پێشتردا سوپای سوریا له ده‌وروبه‌ری گونده‌كانی كفرنایه و دێرجه‌مال و مسقان و ئه‌بین، به‌ربه‌رسته خۆڵییه‌كانی به‌رزكرده‌وه كه رۆژانه له‌لایه‌ن توركیا‌و گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه تۆپباران ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ش شۆفڵه‌كانی سه‌ر به سوپای سوریا له ده‌وروبه‌ری گوندی ته‌ل قه‌ڕاح و كوفر ناسیح و له په‌نای ئه‌و رێگایه‌ی له نێوان كفر ناسیح و شارۆچكه‌ی ته‌لڕه‌فعه‌تدایه، ده‌ستیانكرد به دروستكردنی به‌ربه‌ستی خۆڵین.
له كۆتایی مانگی ئایاری رابوردوه‌وه سوپای سوریا ده‌ستیكردوه به قاییمكارییه‌كانی و تانك و زرێپۆش و تۆپی دورهاوێژ و سه‌ربازی هێناوه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی منگی سه‌ربازی سه‌ر به ته‌لڕه‌فعه‌ت له گونده‌واری باكوری حه‌ڵه‌ب.
دوێنێ چوارشه‌ممه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای سوریا رایگه‌یاند، سوپاكه‌یان ئاماده‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی توركیا‌و گروپه‌كانی لایه‌نگرییه‌تی.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه توركیا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر گونده‌واری باكوری حه‌ڵه‌ب چڕكردوه‌ته‌وه‌و چه‌ند خاڵێكی سه‌ربازی سه‌ر به سوپای سوریای له‌و ناوچانه به ئامانج گرتوه، ئه‌وه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌رباز و هاوڵاتی سیڤیل بریندارببن.