هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دوشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو تیرۆریستی داعش کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکرابون ، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە دەستگیرکران.
لەڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بەدواداچون و کارکردنی بەردەوام بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵگەمان دەستکەوت لەسەر بونی دوو تیرۆریستی لە یاسا هەڵهاتوو کە لە شارەکانی عێراقەوە هاتونەتە شارەکانی هەرێم بەمەبەستی خۆحەشاردان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەماهەنگی و هاریکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق هێزەکانمان لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکرد و سەرەنجام لە شەوی یەکشەممە 30ی (نیسانی 2023 لە دوو هەڵمەتی جیادا هەردو تیرۆریست ( س ، م ، ع ) و ( ر ، م ، ع) کە داواکراوبوون بەماددەی 4ی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون و ئەم کەیسەش دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەکرێتەوە.