لەئوردن کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسیەکانی سوریا ئەنجامدرا

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی سوریا، سعودیە، ئوردن، میسر و عێراق لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوە، بەپێی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە چەندین بابەتیان لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا تاوتوێکرد.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنی مرۆییش تاوتوێ کرا، و باسی هەنگاوەکانی پێویست بۆ گەیشتن بە چارەسەرکرا بەڵامبە شێوەیەک کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر رەوشی سوریا هەبێت، هەروەها کۆمەڵێک بابەتی ئەمنی و سیاسیشیان تاوتوێکرد.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، پێویستە وڵاتانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکەن بۆ ئەوەی وردە وردە بتوانن بگەنە چارەسەرێکی سیاسی تا کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی سوریا بهێنرێت.

  ئاماژەی بەوەشکرد، کۆتایی بە قەیرانی سوریا دەهێنرێت و ئاشتەوایی نیشتمانیش رادەیەگەنرێت و سوریاش دەخرێتە سەر ڕێگای ئاوەدانکردنەوە کە لەگەڵ خواستەکانی سوریاییەکان و مافەکانیان بگونجێت بۆ ژیانێکی سەلامەت لە زێدی خۆیان، و گەڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی سوریا بۆ ناوچەکە.

لە میانەی دیدارەکە، وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، سعودیە، عێراق و میسر جەختیان لەسەر پێویستی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا کردەوە، هەروەها ئەولەویەتدان بە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و هەموو ئەو شتانەی وەکو کوشتن و وێرانکاری و  ئازارەکانی گەلی سوریا.

وەزیرانی ئەو وڵاتانە و وەزیری دەرەوەی سوریا لەسەر کارنامەی دانوستانەکان ڕێککەوتن، بە شێوەیەک کە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی دیکە یەکبگرنەوە.

وەزیرانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، پێشوازییان لە بڕیارەکەی حکومەتی سوریا کرد بۆ کردنەوەی دەروازەکانی باب سەلامە و ئەلرای بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکانـ بگاتە دەست زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی 6ی شوباتی 2023ی  سوریا.

کۆبوونەوەکە بە کۆمەڵێک بڕگەی دیکەوە کۆتاییهات و ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن و وەکو دەستپێکێک دەبن بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری قەیرانی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی