هەولێر- نۆرس پرێس
حکومەتی هەرێمی کوردستان دواى نزیکەى ساڵێک مۆڵەتدان بە هاوڵاتییان تاکو چەکە نایاساییەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، بڕیارى داوە لە 21ی تهموزی ئهمساڵهوه رێكاری یاساییی نوێ لەگەڵ ئەو سەرپێچیکارانە بگرێتەبەر.
هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگهیاند، 21ـی تەمموزی ئهمساڵ وەکو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دانراوە، پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک راگەیەنرابون و بڵاوکرابوونەوە، تاکو هاوڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن، ساڵێک بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریی خەڵکی دانرابوو تاکو چەکەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، ئەوەى مەبەستی بوبێت چەکەکەى تۆمار بکات، کردویەتی.
ئاماژهی بهوهشكرد، ئەو چەند مانگەى ماوە داوا لە هاوڵاتییان دەکەن سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە 21ى تەمموز بارودۆخەکە لەڕوی یاساییەوە دەگۆڕێت، هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێوە بگیرێت، بەپێی ماددەى 15 لە یاساى ژمارە 2ى ساڵی 2022، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت؛ لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دو ملیۆن تاکو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.
میرانی ئاماژەی بەوەشدا، تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، لە پاڵ ئەوەش مەفرەزەى جۆراوجۆر و پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەى زانیارییان پێ دەگات، دەتوانن دەستبەکار بن و دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا بگرن.
هەروەها دەڵێت، پێویستە هاوڵاتییان ئەو هەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندیی گشتی تێدایە، بە هی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەهێنان و پەنانەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکو پێویستە پەنا بۆ یاسا و گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەى پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت؛ چونکە ڕێگەى توندوتیژانە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و چارەسەریشی قورستر دەکات.