پرۆژه‌ بڕیارێك بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی توركیا له‌ عێراق ئاماده‌كرا

سلێمانی-نۆرس پرێس

لە چواچێوه‌ی‌ رێكاره‌كان، كه‌ دژ به‌ بونی هێزه‌كانی توركیاو هێرشه‌كانی بۆ ناو سنوری عێراق گیراوه‌ته‌به‌ر، بڕیاره‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرۆژه‌ بڕیارێك بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربكرێت.

ئه‌مڕۆ لیژنەی بەرگری و ئاسایش و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداوه‌و پڕۆژەبڕیارێکیان لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە گوندی پەرەخ و چەند پرسێکی پەیوەست بە شەڕكردنی توركیا له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان داوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

موسه‌ننا ئه‌مین، ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ كه‌ناڵی روداوی راگه‌یاندوه‌، “لە پڕۆژەبڕیارەکەدا هەمو ئەو رێککەوتننامەی کراون و رێگە بە تورکیا دەدات سەروەریی عێراق پێشێلبکات هەڵدەوەشێندرێتەوە، حکومەتی عێراقیش پابەند دەکرێت بە قەرەبوکردنەوەی سەرجەم زیانلێکەوتوانی کۆن و نوێی هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.”

كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ راسپارده‌ی‌ دانیشتنی رۆژی 23ی مانگ بوه‌ تا لیژنه‌كانی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە پرۆژه‌ بڕیارێك ئاماده‌ بكه‌ن و شه‌ش كه‌س له‌ هه‌ردو لیژنه‌كه‌ ته‌رخانبكرێن بۆ داڕشتنی پڕۆژەبڕیارەکە، له‌ ئێستاشدا پڕۆژە بڕیارەکە دراوه‌ته‌ سەرۆکایەتی ئه‌نجومه‌ن و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی بۆ بكرێت و پەسه‌ند بکرێت.

موسه‌ننا ئه‌مین رونیكردوه‌ته‌وه‌، به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌ بڕیاره‌، نابێت بنکە و بارەگا و بونی سەربازی تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بمێنێت و هەر رێککەوتنامەیەک ئەگەر پێشتر کرابێت و رێگە بە بەزاندنی سەروەری عێراق لەلایەن تورکیا یان هەر وڵاتێکی دیکە بدات؛ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.|

رۆژی چوارشەممە 20-07-2022 چوار گوله‌تۆپ ئاراستەی گوندی په‌ره‌خ له‌ سنوری زاخۆ كران و نۆ کەس گیانیان لەدەستدا 22 كه‌سی تریش برینداربون و سەرجەمیان گەشتیاری عەرەب بون و لە پارێزگاکانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراقەوە چوبونه‌ ناوچه‌كه‌.