بەغدا میوانداری سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو دەکات

هەولێر– نۆرس پرێس

وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە 6 و 7 ئایاری 2023، بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەغدا میوانداری سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو دەکات، لەژێر درووشمی ” کەمی ئاو، ئەهوارەکانی دۆڵی رافیدەین، ژینگەی شەتولعەرەب” بەرپرسیاریەتی هەموو لایەکە.

راشیانگەیاندووە، “لە کۆنفرانسەکەدا چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی دەخرێتەڕوو، کە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و هۆکارەکانی کەمی ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەیان دەکرێت”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بە بانگهێشتکردنی زۆرێک لە وەزیرانی ئاوی عەرەب و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەتمەند لە بواری ئاو و کەشوهەوا، هەروەها باڵیۆزی وڵاتان لە بەغدا، جگە لە وەزیر و پارێزگار و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها مامۆستایانی زانکۆ و زۆرێک کەسایەتییە میدیاییەکان کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو “باسەکانی کۆنفرانسەکە ئاو لەپێناو مرۆڤ و سرووشت، دیپلۆماسی ئاو و پاراستنی ژینگە لەخۆدەگرێت، هەروەها داڕشتنی سیاسەتێک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بەگوێرەی ئاستەنگەکانی کەمی ئاو بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی سەلامەت بۆ کۆمەڵگاکان و دڵنیابوون لە پێداویستییەکانی چالاکیی ئابووری.

وەزارەتەکە دەڵێ: “ئامانجی کۆنفرانسەکە دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ و رێگەچارەیەکی گریمانەییە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان، هەروەها پەروەردەکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی دەستپێوەگرتنی سامانی ئاو”.