ئێران جەخت لە هەماهەنگی لەگەڵ سوریا دەکاتەوە لە بوارەکانی پیشەسازی و کارەبادا
دیمەشق– نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، “عەلی فیکری” یاریدەدەری وەزیری ئابووریی ئێران و بەرپرسی رێکخراوی وەبەرهێنان و پاڵپشتی ئابووری و تەکنیکی ئێران، پێداگری کرد لە سەر پێویستیی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان تاران و دیمەشق لە بواری ترانزێت و پیشەسازیی کارەبادا.
مەبەست لەمەش دەروازەی “بوکەمال – قائیم”ە لەسەر سنووری سوریا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ترانزێتی کاڵاکان لەگەڵ سوریا هێشتا بازنەیەکی بازرگانی ونە لە رێڕەوی رۆژهەڵات-رۆژئاوا، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەزگای “ئیرنا”ی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە.
لەماوەی رابردوودا بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا لەگەڵ مێهردد بزرباش، وەزیری رێگاوبانی ئێران، ئاسۆی نوێی هاوکاریی ئابووریی نێوان سوریا و ئێرانییان تاوتوێ کرد.
باس لە چۆنیەتی سودوەرگرتن لە دەرفەتە بەردەستەکان کرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە ئابوورییە جیاوازەکاندا، جا چ لەسەر ئاستی وەبەرهێنان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی یان لە بواری وزەدا.
وابڕیارە دوو سبەی، چوارشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بگاتە دیمەشقی پایتەختی سوریا ، بە گوتەی بەرپرسانی ئێران و سوریا، ئەمەش بە “سەردانێکی نائاسایی لە رووی ئەنجامەکانییەوە” دادەنرێت لە ساڵی 2011 وە .