نەبوونی دژە ژەهری دووپشک ژیانی دانیشتوانی باشووری حەسەکە دەخاتە مەترسیەوە
شەدادی- نۆرس پرێس
بەڕێوبەری بنکەی تەندروستی شەدادی لە باشووری حەسەکە رایگەیاند، دژە ژەهر لە بنکەکەیاندا نییە بۆ ئەوانەی دووپشک پێیانەوە دەدات.
بڵاوبوونەوەی دووپشک لە ناوچە بیابانیەکان و لە نزیک ڕووباری خابوور کە وشکی کردووە، زیادی کردووە، ئەویش بە هۆی گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە، بە وتەی دانیشتوان.
عەلی ئەلسەعید، بەڕێوبەری بنکە تەندروستییەکە ئاماژەی بەوەدا ئەو حاڵەتانەی دووپشک پێیانەوە دەدات، فریاگوزاری سەرەتاییان پێدەدەن، وەک دەرزی دیکسا و لافین، ئەگەر دۆخەکەشی زۆر خراپ بێت دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی حەسەکە.
نرخی یەک دەرزی زیاترە لە 65 هەزار لیرەی سوری، ئەمە جگەلەوەی ئەم دەرزییە پێویستی بە شوێنێکی سارد هەیە بۆ هەڵگرتنی بۆ ئەوەی تێک نەچێت، بەڵام بڕینی بەردەوامی کارەبا بەربەستە لەبەردەمی، بە وتەی یەکێک لە دەرمانسازەکان.
بە هۆی کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکە، زۆربەی دانیشتووان دوای پێوەدانی دووپشک خۆیان چارەسەر دەکەن، بە بەکارهێنانی شێوازی سەرەتایی، وەک بریندارکردنی شوێنی پێوەدانەکە بە ئامێرێکی تیژ دوای پاککردنەوەی گەرمکردنی بە پلەی گەرمای بەرز، و هەوڵدان بۆ لابردنی خوێنی پیسبوو پێش ئەوەی بڵاوبێتەوە.
بە وتەی ئەلسەعید، ناوچەی شەدادی بەدەست دۆخێکی تەندروستی خراپەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی بوونی تەنها یەک بنکە لە شارەکەدا و کەمی دەرمان لەو بنکە تەندروستیەدا.