چەکی بێ موڵەت و نایاسایی چەندین کەسی لە هەرێمی کوردستاندا کردووەتە قوربانی

هەولێر – نۆرس پرێس

لە شار و شارۆچکە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لێرەو لەوێ رووداوێکی کۆشتن و بریندارکردن بەهۆی چەکەوە تۆمار دەکرێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتە بەر، بۆ ئەوەی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە.

هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، 21ى تەمموزی 2023، وەکوو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دانراوە. پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیەنرابوون و بڵاو کرابوونەوە، تاکوو هاوڵاتیان چەکەکانیان تۆمار بکەن.

ساڵێک بەس بوو بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریی خەڵک تاکوو چەکەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، ئەوەى مەبەستی بووبێت چەکەکەى تۆمار بکات، کردوویەتی. ئەو چەند مانگەشی کە ماوە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە 21ى تەممووز بارودۆخەکە لەڕووی یاساییەوە دەگۆڕێت، هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێوە بگیرێت، بەپێی ماددەى 15 لە یاساى ژمارە 2ى ساڵی 2022، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت، ئەمە بەپێی ئەو کاربەدەستەی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاکوو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.

لەبارەى بەردەوامیی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژیی چەکداری، میرانی گوتی، تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، لە پاڵ ئەوەش مەفرەزەى جۆراوجۆر و پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەى زانیارییان پێ دەگات، دەتوانن دەستبەکار بن و دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا بگرن، هەروەها ئەوانە دەستگیر بکەن کە تەقە دەکەن و مامەڵەى یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.

لەبارەى هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیانیش ناوبراو گووتی، پێویستە هاووڵاتیان ئەو هەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندی گشتی تێدایە، بە هی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەهێنان و پەنانەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکوو پێویستە پەنا بۆ یاسا و گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەى پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت؛ چونکە ڕێگەى توندوتیژانە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەریشی قورستر دەکات.