هەولێر- نۆرس پرێس
سەرکردایەتی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو پاشماوەی موشەکێکی زەبەلاحی چینی بکەوێتە سەر زەوی، سات بە سات بەدواداچوون بۆ ڕێڕەوەکەی دەکەن.
ڕووداوەکە ئەوە دەهێنێتەوە یادمان کە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، کاتێک مووشەکێکی چینی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، ئەمەش ترسی لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی لەسەر زەوی دروستکرد.
یەکشەممەی ڕابردوو بیست و چوارەمی ئەم مانگە، موشەکی “Long March 5B” کە کێشی 23 تۆنە و یەکەی تاقیگەی بۆشایی ئاسمانی چینی “Wentian”ی هەڵگرتووە، لە دوورگەی “هاینان”ەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵفڕی.
بەپێی زانیارییەكانی ناسا، موشەكەكە خەریكە بگەڕێتەوە سەر زەوی، بەڵام لە كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری بۆشایی ئاسمانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، موشەکەکە دابەزینێکی کۆنترۆڵنەکراوی بۆ بەرگەهەوای زەوی کردووە، و ” دیار نییە لە کوێ دەکەوێتە خوارەوە”
ئاژانسەکە لە زاری وتەبێژی فەرمی ناساوە، رایگەیاندووە، بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ کەوتنی موشەکە چینییەکە دەکات بۆ سەر زەوی، لە کاتێکدا شوێنی کەوتنەکەی تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لە کەوتنی دەتوانرێت دیاری بکرێت، پێدەچێت لە 1ی ئابدا بکەوێتە سەر زەوی.
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا چین بەهۆی مامەڵەکردن خراپی لەگەڵ پاشماوەکانی بۆشایی ئاسمان کەوتە بەر رەخنەگرتن دوای ئەوەی یەکەیەکی دیکە موشەکێکی هاوشێوەی هەڵدا، پاشماوەی ئەو موشەکەش دوای 10 رۆژ لە هەڵدانی، کەوتە نێو زەریای هیندی لە نزیک ماڵدیڤ.