گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان : 123 هەزار و 993 قوتابی، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی ئەنجامدەدەن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆله ناکۆتاکان و نیشتمانیی پۆلی نۆی بنەڕەتی، لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار قوتابی، بەشداریی دەکەن.

سەبارەت بە ژمارەی قوتابییە بەشداربووەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆ، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 123 هەزار و 993 قوتابی، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی ئەنجامدەدەن.

هەر ئەمڕۆ شەممە، 29ی نیسان جگە لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی، تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکانیش دەستیپێکرد.

بەپێی زانیاریەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ سێ گۆڕانکاریی نوێ لە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆ کراوە، بە کوالێتییەکی بەرز و ڕەنگاوڕەنگ، پەڕاوی پرسیاریی تاقیکردنەوەی بابەتی زانست چاپکراوە، ناو و زانیاریی قوتابی لەسەر پەڕاوی پرسیارەکان و سۆما تۆمارکراوە بۆ ئەوەی قوتابی تەنیا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، هەروەها تاقیکردنەوەکان کراونەتە 26 گروپی پرسیاریی جیا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، زیاتر لە 500 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە و لەو ژمارەیەش 38 هەزار و 284 قوتابییان پۆلی نۆی بنەڕەتین.

ئامارە بەردەستەکانی وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکەن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 27 هەزار و 370 قوتابی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی کردووە و زیاتر لە 312 هەزار قوتابی دیکەش، تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان ئەنجامدەدەن.

لەهەمانکاتدا، لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 365 هەزار قوتابی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان کردووە و 29 هەزار و 544 قوتابییان پۆلی نۆی بنەڕەتین.

وەزارەتی پەروەردە، لەبارەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانەوە هۆشداریی داوەتە مامۆستا، چاودێران و قوتابییان و بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێنماییەکی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە.