هەنگاوەکانی هەدەپە هەڕەشە لە چارەنووسی ئەردۆغان دەکات

ناوەندی هەواڵ – نۆرس پرێس

لە کۆتا جموجوڵیدا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەنگاوێک هاویشت کە ئەگەرێکی زۆرە، ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا، هەر ئەم هەنگاوەش وایکردووە هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت گەرمتر ببێتەوە.

 هاوپەیمانی بۆ کار و ئازادی کە پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا و هێزە چەپەکانی دیکە لەخۆدەگرێت، داوای لە لایەنگرانی کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە بڕیارە لە 14 مانگی ئایاردا ئەنجام بدرێت، دەنگ بە کەمال کلیچدار ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی کۆماری تورکیا جەهەپە و رکابەرەکەی ئەردۆغان بدەن.

کەمال کلیچدار ئۆغڵو کە بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەناسرێت خاوەنی پشتیوانی هاوپەیمانییەکی فراوانە لە نێو لایەنە سیاسەکانی تورکیادا.

 هاوپەیمانی بۆ کار و ئازادی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: لەم قۆناغە چارەنووسسازەی سیاسەتی تورکیادا، کۆبووینەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی مێژوویی خۆمان، وەک بەشێک لە نەریتەکانمان و قەرزاری نەوەکانی داهاتوو” لە پێش “هەڵبژاردنی مێژوویی” لە 14مانگی ئایاردا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم چوارچێوەیەدا بڕیارەکەمان بۆ پشتگیریکردنی کەمال کلیچدار ئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەکەین.

 بڕیارە دەنگی کورد و هاوپەیمانە دیموکراتیکەکانی لە نێو تورکەکاندا ببێتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا، لە کاتێکدا کلیچدار ئۆغڵو و ئەردۆغان دەچنە ناو هەڵبژاردنێکەوە کە راپرسییەکان دەردەخەن کە جیاوازی نێوان هەردوو رکابەرەکە زۆر کەمە و ئەگەری سەرکەوتن و شکست روون نییە.

ئەم ڕاگەیاندنە و هەنگاوەکەی هەدەپە لە کاتێکی هەستیاردا هات کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە تەواوی گەرم بووەتەوە.

 پارتی دیموکراتی گەلان گەورەترین هێزی سیاسی لایەنگری کوردە، نوێنەرایەتی زیاتر لە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان) و تەنانەت لە ئەستەنبوڵ دەکات، هاوکات سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی ئەو پارتە لە ئێستادا سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بە هۆی تۆمەتی “تیرۆر”.

هەرچەندە هەدەپە و هاوپەیمانەکانی کە لەژێر چەتری “کار و ئازادی” کۆبوونەتەوە، هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا بە “دەنگی یەکلاکەروە” دادەنرێت و لە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکاندا بە دروستکردنی “پاشا” ناسرابوو، بەڵام هاوپەیمانی مێزی شەش حیزبی بە سەرۆکایەتی کیلیچدار ئۆغڵو ترسی ئەوەی هەیە کە چوونەوەی هەدەپە بۆ پاڵیان، کاردانەوە لە نێو شەقامی نەژادپەرستەکانی تورکیا دروست بکات.

پارتی داد و گەشەپێدان و هاوبەشەکەی، بزووتنەوەی نەتەوەیی مەهەپە لە سەر ئەم خاڵي هەستیارە لە رێگەی میدیاکانەوە یاری دەکەن و هەوڵی لێدان لەم نزیکبوونەوەیە دەدەن، بە گواستنەوەی ئەم هەواڵە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە بە شێوەیەک وەک ئەوەی نەیارەکەی، کلیچدارئۆغڵو، بووەتە کاندیدێکی فەرمی بۆ ئەو هێزانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تۆمەتبارکراون لە پشتیوانیکردنی پارتی کرێکاری کوردستان.

رەنگە ئەمە دیارترین هۆکار بوو بێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانی مێزی شەش حزبی بە سەرۆکایەتی کلیچدار ئۆغڵو هۆشیار بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەدەپە و لایەنگرانیان بۆ ئەوەی رووبەڕووی رەخنەی هەندێک رەوتی ناسیۆنالیستی لەناو هاوپەیمانییەکەی نەبنەوە.

بەڵام کاریگەری نەرێنی پشتگیریکردنەکە هەرچییەک بێت، پێدەچێت رێژەی ئەو دەنگانەی کە ڕەنگە کیلیچدار ئۆغڵو وەریبگرێت زۆر زیاتر بمێنێتەوە لەو ڕێژەیەی کە بەهۆی ڕیکلامەکەی مەهەپە و و ئاکەپە لەدەستی دەدات.

هەدەپە هەمیشە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زیاتر لە 10%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بۆیە هاوپەیمانی چەپ کە لە تەنیشت نەیارەکەی ئەردۆغانەوە وەستاوە، هەڕەشەی جددی لەسەر تازەکردنی ویلایەتەکەی ئەردۆغان دەکات، بە تایبەتی کە ئەردۆغان دوای ئەوەی لە ماوەی 20 ساڵی دەستەڵاتی خۆی نەیتوانی شەقامی کوردی رازی بکات و گفتوگۆ لەگەڵیان بکات.

ئەم هەڵبژاردنانە سەرنجی جیهان رادەکێشن چونکە یەکەم هەڵبژاردنە لە دوای 20 ساڵی دەسەڵاتداری و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی تورکیا لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدان دێت، کە ژمارەیەک لە کەسایەتی ئاکەپە بەهۆی دۆخی نێوخۆی ئەو حیزبە جیابوونە و دۆخی ئابووری  هاوڵاتیانی تورکیا بەراورد بە ساڵانی رابردوو خراپە، هەروەها بەردەوامی شەڕە خوێناوییەکانی گوماناوی لەدژی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە هەروەها تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەل هەندێک وڵاتانی جیهان.