سعودیە دەستی بەسەر 4 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرت
دیمهشق – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، 28ی نیسانی 2023، دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، هەوڵی بە قاچاخبردنی زیاتر لە چوار ملیۆن حەبی مادەی هۆشبەری کاپتاگۆنیان پووچەڵ کردووەتەوە.
ئاژانسی راگەیاندنی سعودیە”واس” رایگەیاندووە، دەست بەسەر چوار ملیۆن و 152 هەزار حەبی “کاپتاگۆن”دا گیراوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی دەروازەی سنووری ئەلبەتاوە لەگەڵ ئیمارات گەیشتوونەتە دەستیان.
حەبی ماددە هۆشبەرەکان لەناو بۆشایی ئەو فڕنانەی کە بۆ برژاندن بەکاردەهێنران، بە بارهەڵگرێکەوە رەوانە کرابوون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرێوەبەرایەتی گشتی کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان وەرگرانی بارەکەیان دەستگیرکردووە کە سێ کەسن و بەڵام بەهیچ ئاماژەیان بە رەگەزنامەی ئەو کەسانە نەکردووە کە دەستگیر کراون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها سێ رۆژ دوای پووچەڵکردنەوەی هاتنە ناوەوەی 12 ملیۆن و 729 هەزار حەبی ئەمفیتامین بوو لە سعودییەوە.
سعودیە و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی بەگشتی بەرکەوتەی هەوڵی قاچاخی دووبارەی لەم جۆرەن، بەڕێژەیەکی زۆر، جا چ لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی وشکانی یان دەریاییەوە بێت.
یەکێک لەو حەبانەی بە قاچاخ لە لوبنانەوە رەوانەی سعودیە دەکرێت، حەبی کاپتاگۆنە، کە لە سعودیە و زۆر وڵاتی دیکەی عەرەبی بەشێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوە و زۆربەشی لە سووریا و لوبنان بەرهەم دەهێنرێت.
بەگوێرەی ئامارێکی پەیمانگەی نیولاینزی ئەمریکی کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، بازرگانیکردن بە حەبی کاپتاگۆن لە ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە پێنج ملیار دۆلار و ئەوەش مەترسی ئەمنی و تەندروستی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروستکردووە.