هەر یەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و ئێران تاوتوێی پەیوەندییەکانی وڵاتیان کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، 29ی نیسانی 2023، سەرۆککۆماری عێراق و هاوتا ئێرانیەکەی تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.

هەریەکە لە عەبدولـلەتیف رەشید و هاوتا ئێرانییەکەی، ئیبراهیم رەئیسی دانیشتنێکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا، باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دوو وڵات و رێگاکانی بەهێزکردنیان و پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی وزە، سەرچاوەکانی ئاو، ژینگە، کەشوهەوا و گەشتوگوزار کرد، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بکات.

 هاوکات جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری لەو بوارانەدا کرا کە بایەخی هاوبەشیان هەیە بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی دەبێت.

هەریەک لە خانمی یەکەم، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن و وەزیری کارەبا، زیاد عەلی فازڵ و وەزیری دەرامەتە ئاوییەکان، عەبد عۆن زیاب و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، قاسم ئەعرەجی و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەرپرسانی باڵا یاوەری سەرکۆماری عێراق بوون بۆ ئێران.

ئەم سەردانە لە وەڵامی بانگهێشتی فەرمیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێراندایە، لە کاتێکدا دانوستانە فەرمییەکانی نێوان هەردوو شاندەکە بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆک دەستیپێکرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ژمارەیەک بابەتی گرنگی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و کارکردنی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی دەرفەتەکانی ئاشتی کرا.

رەئیسی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی گوتی: “دانوستانێکی باش لە بوارە جیاوازەکانی گفتوگۆدا لە نێوانماندا روویدا”.

رەئیسی ڕاشیگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری ژێرخان، ئاو، کارەبا، گاز و وزەدا بەردەوامە، “بە شێوەیەک کە بتوانین تواناکانی ئێستا بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو حکومەت بەکاربهێنین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان”.

ڕەئیسی بوونی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە “بەسوود” و ناسەقامگیری زانی.

ساڵی ڕابردوو عێراق و ئەمەریکا گەیشتنە رێککەوتنێکی ستراتیژی و جێبەجێکرا، ئەمەش ئەرکەکانی هێزە ئەمریکییەکانی ئەو وڵاتەی لە سەربازییەوە گۆڕی بۆ ڕاوێژکاری، هاوکات ژمارەیان کەمکردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە رەچاوکردنی پشکی ئاوی عێراق کردەوە، هاوکات جەختی لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کردەوە لە پێشینەی کارەکانیان.