حکومەتی هەرێم شاندێکی باڵا بۆ تورکیا دەنێرێت بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 29ی نیسانی 2023 رایانگەیاند، لە هەولێر شاندێکی بە سەرۆکایەتیی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی تورکیا کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە چەند سکاڵایەک لەلایەن هەولێرەوە بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بڵاوکرایەوە.

ئاژانسی شەفەق نیوز لە زاری بەرپرسێکی شاری هەولێرەوە بڵاویکردەوە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی تورکیای کردووە، لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر رێگاکانی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بە “ئەرێنی و بەرهەمدار و لە بەرژەوەندی هەمووان” وەسفیکرد.

رۆژی 4ی نیسانی 2023، حکومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە تێیدا هاتبوو بەغدا سەرپەرشتی تەواوی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم بگرێتە ئەستۆ، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێدەکاتەوە.

پێنجشەممەی رابردوو سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی بەغدا هێشتا رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان نادات و داوای لە ئیدارەی وڵاتەکەی کرد فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە.

پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هێشتا وەستاوە، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی جیاوازییە هەڵپەسێردراوەکانی دۆسییەی وزە.

راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە راگرتنی هەناردەکردن لە رێگەی تورکیاوە درێژخایەن بێت، ئەمەش لە ئەنجامی چارەسەرنەکردنی هەندێک کێشە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان.