گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی هەرێمەکان لە کوردستان بەڕێوە دەچێت
هەولێر – نۆرس پرێس
نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو (2024) پاڵەوانێتیی تۆپی پێ بۆ هەرێمەکان (کۆنیفا) لە کوردستان بەڕێوە دەچێت؛ کە تێیدا لە یاریگەکانی کوردستان، 16 هەڵبژاردەی هەرێمەکان لەسەر ئاستی جیهان ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
تاریق عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، سەرجەم یارییەکان لە یاریگەکانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەنجام دەدرێن و هەوڵ دەدەین بەشێک لە یارییەکانیش ببەینە یاریگەکانی ئیدارەی سۆران و زاخۆ.
بۆ دووەم جارە پاڵەوانێتییەکی لەو شێوەیە لە کوردستان بەڕێوە دەچێت و بۆ یەکەم جاریشە پاڵەوانێتییەکە لە ژێر ناوی (کۆنیفا) بەڕێوە دەچێت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئاسانکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی دەکات.
پێشتر هەڵبژاردەی کوردستان، دوو جار بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی کۆنیفایدا کردووە و جارێکیش بووەتە پاڵەوانی خولەکە.
پاڵەوانێتیی کۆنیفا دەبێتە هۆی زیندووکردنەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان کوردستان و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان گوتی، بە میکانیزمێکی نوێ ستافی هەڵبژاردەی کوردستان دەستنیشان دەکەینەوە.
کۆنیفا، پاڵەوانێتییەکی جیهانییە، بۆ ئەو هەرێمانەی کە لە وڵاتانی فیدڕاڵیدا خاوەنی هەرێمی سەربەخۆن؛ 38 هەرێم لە سەرتانسەری جیهان تێیدا ئەندامن.