گەمارۆکانی کومەت ئاماژەیە بۆ “کارەساتێکی مرۆیی” لە گوندەکانی باکووری حەلەب

گوندەکانی باکوری حەلەب – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەر لە گوندەکانی باکووری حەلەب، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەو گەمارۆیەی حکومەت بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوویەتی، ئاماژەیە بۆ “کارەساتێکی مرۆیی گەورە”.

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022، حکومەتی دیمەشق گەمارۆیەکی خنکێنەری بەسەر ئاوارەکانی عەفرین لە گوندەکانی باکووری حەلەب سەپاندووە، هەروەها ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی سووتەمەنی و دەرمان و کەلوپەلی خۆراک کردووە، ئەگەر رێگەشێ پێبدەن بە نرخێکی زۆر بەرز بە دانیشتوانەکەی دەدەن.

محەمەد شێخۆ، هاوسەرۆکی دەستەی ئیدارەی خۆجێی و ژینگە لە عەفرین و ئەلشەهبایە لە ئیدارەی خۆسەر، رایگەیاندووە، لە ئێستادا ناوچەکانیان بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنن “بە تەواوەتی بەهۆی کەمی سووتەمەنییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەیاننامەیەکی دەنگیدا بۆ نۆرس پرێس: “ژیانی دانیشتووانەکە لە مەترسیدایە، چونکە ئێمە لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاویان بۆ دابین دەکەین، بەڵام ناچارین هەموو میکانیزمەکان بوەستێنین، ئەمە جگە لەوەی هاتوچۆ نزیکەی تەواو ڕادەگیرێت”.

پێشبینی دەکرێت هەموو قوتابخانەکان رابگیرێن، هاوکات ئازاری نەخۆشەکان دوو هێندە زیاد دەکات تاوەکو دەگەنە نەخۆشخانە.

  دەیان هەزار ئاوارە لە ناوچەی عەفرین لە 5 کەمپ و شارۆچکەی گوندەکانی باکووری حەلەب دەژین، دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی 2018 دەستی بەسەردا گرت، کارەساتی بوومەلەرزەکە ئازارەکانیانی زیاتر کرد، هەروەها گەمارۆدانی حکومەتی دیمەشق قووڵتری کردەوە.

شێخۆ پێی وابوو بەردەوامی گەمارۆ ناوچەکە دەخاتە بەردەم “کارەساتێکی مرۆیی”.

لە ئێستادا لیترێک بەنزین بە 10 هەزار لیرەی سوری دەفرۆشرێت، سووتەمەنی گازۆیلیش بە 7 هەزار لیرەی سوری دەفرۆشرێت.

لەکاتێکدا یەکێک لە خاوەن دوکانەکانی ئینتەرنێت (پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت) لە ئەلشەهبا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە،” تۆڕی پەیوەندییەکانی سوریا لە بەیانیاندا پچڕاوە، لەکاتێکدا ئینتەرنێت لە کۆتایی ڕۆژدا لە ناوچەکە دەبڕدرێت بەهۆی نەبوونی کارەباوە”.

لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە، پێویستە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ئەو گەمارۆیە هەڵبگرن کە لە گەڕەکە زۆرینە کوردییەکان لە حەلەب و گوندەکانی باکوری وڵاتەکەی بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا سەپێنراوە.

لە راپۆرتێکدا، رێکخراوەکە گەمارۆی حکومەتی بە “دڕندانە” وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە رێگری لە توانای دانیشتووان دەکات بۆ بەدەستهێنانی سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ژیان.